|
ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی ئه‌مڕۆ
له‌فیلمی (SURROGATES) دا

عه‌تا ئه‌حمه‌د 6-6-2010
فیلمی (SURROGATES)، فیلمێكی ئه‌كشن و پۆلیسی له‌ژانری فانتازی و
خه‌یاڵییه، چیرۆكی ئه‌م فیلمه ئاماژه ده‌كات به‌كه‌م بوونه‌وه‌ی
په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، به‌به‌شداری (بروس ڤیلیس) ئه‌كته‌ری
به‌ناوبانگی هۆلیوودی، له‌ڕۆڵی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه، هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ری
به‌توانای ئه‌م ژانره (جاناتان ماستا) بووه‌ته هۆی به‌هێزتركردنی
فیلمه‌كه.
فیلمی (SURROGATES)، درێژه‌دانی بیروباوه‌ری ده‌رهێنه‌ره‌كه‌یه‌تی
له‌فیلمه‌كانی پێشووی وه‌ك: (ترمیناتۆری3، كه‌چیرۆكی مرۆڤێكی مكانیكی باس
ده‌كات، ئه‌م فیلمه به‌په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك له‌ڕێگای
ئه‌نته‌رنێت به‌تایبه‌ت چات و یاری كۆمپیوته‌ری كه‌له‌ژیانی ئه‌مرۆی
ئێمه‌دا زۆر ره‌نگی هه‌یه ئاماژه ده‌كات.
هه‌ندێك له‌فیلمناسان و ره‌خنه‌گران له‌لاوازی دیالۆگ و چیرۆكی پۆلیسی
فیلمه‌كه ره‌خنه‌یان گرتووه، به‌ڵام فیلمی (SURROGATES) به‌هۆی خۆڵقاندنی
كۆمه‌ڵگای داهاتووی مرۆڤ شایانی ستایشه، هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی (بروس
ڤیلیس) له‌دوو رۆڵی جیاواز ده‌ورێكی زۆر ده‌بینێت له‌سه‌ركه‌وتویی
فیلمه‌كه، (بروس ڤیلیس) له‌ڕۆڵی گه‌نجێكی سه‌رنجڕاكێش واتا رۆڵی رۆبۆتێك
كه‌جێنشینه‌و هه‌روه‌ها له‌رۆڵی پیاوێكی شه‌ست و چه‌ند ساڵ كاریگه‌ری خۆی
له‌سه‌ر فیلمه‌كه داناوه.
له‌فیلمی (SURROGATES)دا خه‌ڵكه‌كان له‌ماڵه‌وه دانشتوون و له‌ڕێگای
جێنشینانی كۆمپیوته‌ری كه‌له‌خۆیان ده‌چێت و ته‌نانه‌ت جوانتر له‌خۆیانه،
كاروباری ژیانیان به‌رێوه‌ده‌به‌ن، (بروس ڤیلیس) له‌ڕۆڵی پۆلیسێكدا بۆ روون
كردنه‌وه‌ی كوشتنی پیاوێك به‌ده‌ستی جێنشینه‌كه‌ی (رۆبۆت)، كۆمپانیای
دروستكردنی ئه‌م رۆبۆته ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
(جاناتان ماستا) ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌و شته‌ی كه‌منی موعجیب
به‌دروستكردنی ئه‌م فیلمه كرد، ئه‌ندێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م فیلمه‌یه
كه‌ده‌ڵێت: ئایا ئێمه ده‌توانین به‌هۆی بوونی رۆبوت ژیانی خۆمان
به‌رێوه‌به‌رین؟ له‌ڕاستیدا تانه‌ێكه بۆ ژیانی ئه‌مڕۆی مرۆڤ، هه‌ركات
به‌كۆمپیوته‌ر ئیش ده‌كه‌ین، ئیمه‌یل ده‌نێرین، یان چات ده‌كه‌ین، یان
سه‌ردانی ماڵپه‌ڕه‌كان ده‌كه‌ین و كاروباری ژیانمان له‌ڕێگای
ئه‌نته‌رنێته‌وه جێبه‌جێ ده‌كه‌ین."
له‌ڕاستیدا ته‌كنه‌لۆجیا له‌نێوان ئێمه و به‌رانبه‌ره‌كه‌مان داده‌نرێت،
ئه‌م فیلمه راسته‌وخۆ به‌م كێشه جیهانییه ئاماژه ده‌دات.
كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌شدار له‌م فیلمه، ژیانی راستی خۆیان داوه‌ته ده‌ست
ته‌كنۆلۆجیا و له‌جیهانی فانتازی ده‌ژین، له‌ڕاستیدا ژیانی ئه‌مرۆی ئێمه
به‌ره‌و ئاوا جیهانێك ده‌ڕوات، به‌چه‌ند كاتژمێر له‌ڕێگه‌ی
ئه‌نته‌رنێته‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا كه له‌و په‌ڕی دونیان قسه ده‌كه‌ین،
به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌لای ده‌ستمان دانشتووه نایبینین و ئاگامان
له‌ئازاره‌كانی نییه.
چیرۆكی ئه‌م فیلمه له‌ڕووی هه‌ندێك فیلمی تر له‌م ژانره وه‌ك: (BLADE
RUNNER،MATRIX، هه‌روه‌ها فیلمی I ROBOT) سوودی وه‌رگرتووه.
(كاێل سمیت) ره‌خنه‌گرو فیلمناسی ئه‌مریكی ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌وه
نییه كه‌مرۆڤ له‌ژیانی راسته‌قینه‌ی خۆی وازیهێناوه، له‌ڕێگه‌ی
رۆبۆته‌كان له‌جیهاندا ده‌ژی، سه‌یری یاری كۆمپیوته‌ری (Sims) بكه‌ن،
كه‌ده‌یان ملیۆن كه‌س یاری پێ ده‌كات، یان ملیۆنها كه‌س له‌جیهانی فانتازی
(second world ) ده‌ژین و كارده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت پاره‌یش به‌ده‌ست دێنن"،
(كاێل سمت) سه‌رنجڕاكێشی فیلمه‌كه له‌چیرۆكه‌كه‌ی نابینێت، به‌ڵكو
له‌جیهانێك كه(جاناتان ماسیا) خۆڵقاندویه‌تی ده‌بینێت.
جاناتان ماسیا ده‌رهێنه‌رێكی ناسراوه له‌ژانری فیلمی فانتازی و
خه‌یاڵییه، فیلمه‌كانی له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گران جێگای تایبه‌تی خۆی هه‌یه،
له‌گه‌ڵ فیلمه‌كانی تر له‌م ژانره لای ئه‌وان جیاوازی هه‌یه، چونكه
فیلمه‌كانی جاناتان ماسیا هه‌م بینه‌ر سه‌رگه‌م ده‌كات، هه‌م ئاماژه
ده‌دات به‌ژیانی خه‌ڵك و كه‌م بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ
یه‌كتر، چه‌وساوه بوونی مرۆڤ به‌ده‌ست ته‌كنۆلۆجیا.
|