|
به‌ڕاشكاوی
به‌قه‌ڵه‌می: ڤیان مه‌جید
به‌شی دووه‌م
دایكم ژنێكی شارستانی خه‌ڵكی كانێسكان‌و خۆی به‌خانه‌دان‌و ئه‌سڵزایه‌ی شار
ده‌زانی‌و خوێنده‌واره‌و هاوپۆلی (كافیه سلێمان) بووه له‌خوێندن.
له‌كۆتایی په‌نجاكان‌و سه‌ره‌تای
شه‌سته‌كاندا كه‌دایكی به‌ئاگری حه‌مام ده‌سوتێ ده‌ست له‌خوێندن
هه‌ڵده‌گرێ‌و ئیتر خزمه‌تی دایكی ده‌كات. تا نه‌نكم چاكده‌بێته‌وه ئه‌م
له‌كاروانی هاوڕێكانی دواده‌كه‌وێت‌و براكانی ناهێڵن بچێته‌وه بۆ
قوتابخانه. هه‌میشه پاڵنه‌رو پشتیوانێكی گه‌وره‌ی من‌و خوشكه‌كانم بووه
كه له‌خوێندن دانه‌بڕێین به‌فه‌لسه‌فه‌و زانیارییه‌كانی خۆی قه‌ناعه‌تی
به‌باوكم هێنابوو ده‌بێت ئێمه خوێنده‌وارو خاوه‌ن بڕوانامه بین.
له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی له‌ژیانی كچێنیدا زۆر چه‌وسێنرابووه‌وه، ڕێینه‌ده‌دا
تاكه براكه‌م زاڵ‌بێت به‌سه‌ر ئێمه‌دا. هه‌میشه فێری ده‌كردین ئاگامان
له‌یه‌كتربێت‌و پشتیوانی یه‌كتر بین. كوڕ‌و كچ له‌مالًَی ئێمه‌دا وه‌ك یه‌ك
بوون ئه‌گه‌ر چی له‌ده‌رگای (مدخل)ه‌كه‌و ده‌رگای سه‌ربان بترازایه
ده‌بووینه‌وه به‌كچ‌و كوڕه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا. دایكم له‌گه‌نجی هه‌ر زوو
دوای ئه‌وه‌ی دایكی چاك ده‌بێته‌وه به‌پلانی پورێكی ده‌درێته شوو
به‌پیاوێك كه‌پتر له(45) ساڵ له‌م به‌ته‌مه‌نتر بووه، بۆ ئه‌مێك
كه‌ته‌نها (14) ساڵان ده‌بێت ده‌بێ كارێكی هێند ئاسان نه‌بێ ژیان له‌گه‌ڵ
پیاوێك به‌سه‌ربه‌رێ كه‌زیاتر له‌سێ هێنده‌ی ته‌مه‌نی خۆی لێی
گه‌وره‌تربێ، بۆیه به‌رله‌وه‌ی چله‌ی هاوسه‌رگیریه‌كه‌یان تێپه‌ڕێ
راده‌كاته‌وه ماڵی باوكی. حه‌وت ساڵی ڕێك به‌دیار ووشه‌ی (ته‌ڵاق)ێكه‌وه
داده‌نیشێت تا دواجار له‌ته‌مه‌نی بیست‌و یه‌ك ساڵیدا (پیاوه‌كه‌ی
كه‌ده‌وڵه‌مه‌ندێكی شاری سلێمانی بوو له‌م ساڵانه‌ی رابردوو كۆچی دوایی
كرد) لێی جیاده‌بێته‌وه‌و ئیدی ئه‌میش له‌شارییه‌كان بێزار ده‌بێت‌و بڕیار
ده‌دات شوو به‌پیاوێكی لادێی فه‌قیر بكات به‌و مه‌رجه‌ی ڕێزی بگرێت.
لادێی بوون له‌هه‌ندێ مانادا ساده‌یی‌و ئه‌مه‌ك‌و وه‌فا‌و جه‌ربه‌زه‌یی‌و
به‌رخودان ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌گه‌رچی شارستانی هێمایه بۆ خوێنده‌واری‌و
مۆدێلات‌و بڕوانامه‌و ته‌كنه‌لۆجیا، به‌ڵام له‌دواجاردا به‌تێكه‌ڵبوونی
ئه‌م دوو ئیلیمێنته كایه‌كانی فكر‌و سۆز له‌بۆته‌یه‌كی لێك تواوه‌دا
به‌هێزتر ده‌بن مه‌گه‌ر بۆ كه‌سانێك نه‌بێ كه‌توشی سه‌رلێشێوان‌و بزربوون
ببن ئه‌گه‌رنا هه‌میشه بۆ خودی من ئیلهام به‌خش بووه كه
له‌خانه‌واده‌یه‌كی دوو ره‌گی لادێ- شارستانی له‌دایك بووبم.
باوكیشم، كه‌خه‌ڵكی گوندی كرژه‌ی سه‌ر به‌ناحیه‌ی سورداشه پیاوێكی ماندوو
راست گۆیه له‌گه‌ڵ بیر‌و راكانی. له‌دوای رووخانی حوكمی پاشایه‌تی‌و
ته‌واوكردنی خزمه‌تی سه‌ربازی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ گونده‌كه‌ی خۆیان ده‌بینێ
دایكی به‌هه‌ڵتروشاكانه‌وه له‌به‌رده‌م چه‌په‌كی سێبه‌ری لادیوارێكی
حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یاندا دانیشتووه‌و به‌كه‌ساسی ده‌گری، ئه‌وده‌م تێده‌گات
مامم كه(10) ساڵ له‌باوكم گه‌وره‌تر بوو له‌سه‌ر شه‌ڕێك كه له‌نێوان
هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و نه‌نكمدا روویداوه نه‌نكمی ده‌ركردۆته ده‌ره‌وه‌و
تێروپڕیشی لێداوه. باوكم به‌م ره‌فتاره زۆر بێزار ده‌بێ‌و بڕیار ده‌دات چ
زه‌ویوزارێك كه به‌میراتی له‌باوكیه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه جێیبهێڵێت‌و
په‌لی دایكی ده‌گرێت‌و دێت له‌شاری سلێمانی نیشته‌جێ ده‌بێت. هه‌ر ئه‌و
كات په‌یمان به‌خۆی ده‌دات تا دایكی له‌ژیان بێت ئه‌و خێزان دروست نه‌كات
نه‌با رۆژێك هه‌مان غه‌در له‌دایكی بكاته‌وه كه‌براكه‌ی پێشتر كردویه‌تی.
باوكم پاشتر چایخانه‌یه‌كی له‌ئه‌سحابه‌سپی دانا‌و به‌و پێیه شاره‌زایی
هه‌بوو له‌كاری چێشتلێنان‌و چێشتلێنه‌ر بووه له‌خزمه‌تی سه‌ربازیدا زوو
تێكه‌ڵ به‌كاری چایچێتی بووه تا ده‌مه‌كانی جیابوونه‌وه‌ی باڵی (م. س)
له‌پارتی ئه‌م به‌چایچێتیه‌وه خه‌ریك بووه. له(63)دا په‌یوه‌ه‌ندیی
به‌پارتی– باڵی (م.س)ه‌وه ده‌كات‌و دواتر وه‌ك هه‌موو هاوبیره‌كانی
ده‌چێته به‌كره‌جۆ.
باوكم ده‌یگێڕێته‌وه كه‌جارێكیان مام جه‌لال له‌گه‌وره‌دێ له(1969)دا زۆر
ساده‌و ساكار له‌سه‌ره‌خه‌فاره‌ته‌كه‌ی خۆیدا چاو خواردنی بۆ دروستكردوون.
ئه‌و ده‌م باوكم له‌گه‌ڵ (عه‌به‌ی مه‌لا صاڵح‌و عوسمانی حاجی حه‌سه‌ن‌و
حاجی مه‌جیدی چه‌رمه‌گا‌و ره‌زای ئه‌حمه‌د میران‌و ئه‌حمه‌د كورده‌ی باوكی
كاك به‌رزانی به‌رپرسی پێشووی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی‌و حه‌مه‌ی حه‌مه
تاڵیب)و چه‌ندان كه‌سی تر شاهیدی ئه‌و ساده‌و ساكارییه‌ی هه‌ڤاڵ مام
جه‌لال بوون، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌گه‌نجه‌كان كه‌فیشه‌كی دزیبوو، مام
به‌دارچواله‌یه‌كه‌وه به‌ستبویه‌وه‌و فیشه‌كه‌كانیشی لێ سه‌ندبووه‌وه.
خه‌ونی كوردایه‌تی‌و ئازادكردنی كوردستان خه‌یاڵێكی ده‌ریایی بوو كه له‌بن
نه‌ده‌هات بۆ باوكم‌و ئێمه‌و چه‌ندان وه‌چه‌ی تر ته‌نانه‌ت ئاماده‌بووین
خۆشمانی بكه‌ین به‌قوربان. هه‌ر ئه‌و خه‌ونه‌شه هه‌زاران لاوی كوردی
له‌ژێر گرمه‌ی ته‌یاره‌و په‌تی سێداره‌و بارانی گولله‌دا كرده قوربانی‌و
كه‌چی تاكه ده‌ستكه‌وت ئازادیمانه له‌گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانان، به‌ڵام
ئازادی كوردستان ره‌نگه سه‌دان هێنده‌ی تر قوربانی بوێ.
دیسانه‌وه باوكم ده‌گێڕێته‌وه كه له‌ساڵی (1947)دا له‌شه‌ڕێك له‌نێوان
گه‌به‌و گولیجه‌دا له‌مابه‌ینی پێشمه‌رگه‌و زێباریه‌كان كه‌هێزێكی بێ
شووماری جاشه‌كانیان هاوشان بووه‌و هاتبوون به‌هاریكاری لۆجیستی سه‌ربازی
ئاسمانی‌و له‌ئه‌نجامدا كۆمه‌ڵێك شه‌هید‌و چه‌ند بریندارێكیان داوه
له‌وانه ئه‌حمه‌د كورده قاچی بریندار بووه، ره‌شه‌ی نه‌سره‌دین
كه‌ده‌كاته هاوسه‌ری خوشكه‌زای باوكم هاوشێوه بریندار بووه‌و به‌سواری
وڵاغ هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ برینداره‌كانی تردا گواستراونه‌ته‌وه بۆ
تیماركردن.
دواین شه‌ر كه‌باوكم به‌شداری تێداكردبێ شه‌ڕی قه‌ره‌چه‌تان بووه له‌نێوان
حكومه‌ت‌و پێشمه‌رگه‌دا له‌هاوینی (1974) كه‌به‌رحمه‌ت بێ حه‌مه‌تاڵی حاجی
تایه‌ر‌و عه‌به‌ی مه‌لا ساڵح سه‌رده‌سته‌ییان كردوون. له‌م شه‌ره‌دا باوكم
گولله به‌ر چاوی راستی ده‌كه‌وێت‌و كوێر ده‌بێ. ئیتر لێره‌وه خه‌باتی
چه‌كداری وازلێدێنێت‌و قه‌ڵه‌مێكی نووك تیژی ئاسنینی كرده دیاری بۆ من تا
كاروانی خه‌باتی خانه‌واده‌كه‌مان له‌ڕێگای سه‌وزی یه‌كێتی‌و مه‌ردی
كوردایه‌تی به‌رده‌وام بێت.
هه‌رده‌م له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووم كه‌له‌گه‌نجیمدا ئه‌م بیره‌وه‌ریانه
بنووسم، هه‌میشه خۆم ده‌هاته پێش چاو له‌ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵیم دا، ئه‌و
ده‌مه‌ی هیچ كارێكی ترم نه‌بێ ته‌نها نووسینی یاده‌وه‌ریه‌كانم، به‌هێمنی‌و
پشووداریه‌وه بكه‌ومه نووسین.
كه‌چی ئێستا (33) ساڵ ته‌مه‌نمه‌و وا هه‌ستده‌كه‌م ده‌بوو زووتر
بمنووسینایه، چونكه له‌م وڵاته پێویستت به‌خانه‌واده‌یه بۆئه‌وه‌ی شت
بێت، پێویستت به‌باوك‌و عه‌شیره‌ت‌و نێرینه‌كانی خێزانه‌كه‌ته تا به‌هێز
ببینرێیت. پێویستت به‌ناساندنی مێژووه‌كه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ڕێز
له‌داهێنان‌و توانا سازیه‌كانت بگرێ.
تێبینی/ ئه‌م بابه‌ته
له‌ژماره 386 ی رۆژی 17-7-2010 ی هه‌فته‌نامه‌ی (هه‌واڵ)يشدا
دابه‌زیوه.
|
ئه‌م بابه‌ته چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟ |
|
|
باش |
|
|
خراپ |
|
|
|
Web Polls |
ده‌شتوانیت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م
ئیمه‌یڵه‌وه راو سه‌رنجی خۆت به‌ئازادی به‌نوسه‌ری بابه‌ته‌كه
بگه‌یه‌نیت:
vian_majid@yahoo.com |