|
به‌ڕاشكاوی
به‌قه‌ڵه‌می:
ڤیان مه‌جید 7-8-2010
به‌شی پێنجه‌م
ره‌نگه زۆر
كه‌سی تر وه‌كو ئێمه به‌بێ ده‌نگی پرسه‌یان بۆ چل لاوه‌كه‌و
هه‌ڵه‌بجه‌و دێهاته سوتاوه‌كانی كوردستان دانابێ، ماڵی ئێمه‌ش ببووه
پرسه‌یه‌كی ماڵه باوان بۆ لوقمان‌و هه‌ر هه‌موو شه‌هیده‌كانی هه‌ڵه‌بجه.
لێره‌وله‌وێ ده‌مبیست پوره‌كانم، خاڵه‌كانم، كه‌سه‌كانم هه‌موویان
ده‌یانچرپاند‌و كه‌سیش نه‌یده‌هێشت من‌و براو خوشكه‌كانم تێبگه‌ین.
دایكم هه‌ر زوو ڕێگه‌ی به‌ماڵی برا بچووكه‌كه‌ی دا، كه‌ڕێكخستنی ی.ن.ك بوو،
به‌كاری زه‌ڕه‌نگه‌رییه‌وه خه‌ریك بوو، به‌ڵام به‌م دواییه‌و دوای
ئه‌وه‌ی باری ده‌روونی كه‌مێك ئاڵۆز بوو، زانیمان ئه‌و ده‌مه
له‌لیژنه‌یه‌كی تۆڵه سێنی ناوشاردا بووه‌و كاك عبدول ره‌زاق فه‌یلی
سه‌رپه‌رشتی كردوون بۆ عه‌مه‌لیات‌و چالاكییه‌كانیان، بێنه قاتی
سه‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌و له‌گه‌ڵمان نیشته‌جێ بوون. ئه‌وده‌مه ماڵمان
له‌خانوویه‌كی 3 قاتدا بوو له‌گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی كارێزه‌ووشك‌و هاوسێی
دیوار به‌دیواری هۆنه‌ری كۆچكردوو (ئومێد ئاشنا) بووین. ماڵی خاڵم قاتی
سێیه‌میان لێ وه‌رگرتین‌و خۆشمان دووقاته‌كه‌ی تر، بۆ ئێمه ساڵی 1988
ساڵێكی زۆر چه‌رمه‌سه‌ر‌و بێ ئه‌ندازه تاڵ بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌پاڵ
له‌سێداره‌دانی پورزاكه‌مدا به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م باوكی لوقمانیش كۆچی
دوایی كرد ئه‌مه سه‌رباری هه‌ڵه‌بجه‌و دێهاته‌كان، خوشكی شه‌شه‌میشم
له‌دایكبوو. به‌م شێوه‌یه ئێمه حه‌وت مناڵ بووین (6) مه‌ڕو تاكه شوانێك.
دایكم بۆ ئه‌وه‌ی حه‌سره‌تی دڵی راستگۆیانه ده‌رببڕێ بڕیاریدا ناوی بنێ
(فرمێسك) ئیدی نازانم فرمێسك بۆ لوقمان یان بۆ هه‌ڵه‌بجه یان بۆ دێهاته
سوتاوه‌كانی كوردستان یان بۆ كه‌ساسی خۆی كه له‌مه‌ودوا ده‌بێت روبه‌ڕووی
كۆمه‌ڵگایه‌كی سته‌مكارو ده‌ره‌به‌گ بێته‌وه كه له‌ودیو دیواره‌كانی
ماڵه‌كه‌یه‌وه هه‌مووی ده‌بنه دوژمن‌و شه‌ر به‌هه‌نگاوی كچه‌كانی
ده‌فرۆشن!
خاڵۆژنم كه‌خوشكی شه‌هید یاسینه ره‌شه‌و پورزای دایكیشمه ئه‌م رایه‌ی
به‌دی نه‌هێنا‌و بۆ خۆی له‌به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌دایكبوونی خوشكه‌كه‌مدا
له‌نه‌خۆشخانه ئاماده‌بوو، ناوی لێ نا "خه‌نده".
له‌مه‌ش تێ نه‌ده‌گه‌یشتم ئاخۆ خاڵۆژنم به‌زه‌یی به‌حه‌سره‌تی بێ كوڕی‌و
بێ برایی خۆیدا هاته‌وه كه‌خاوه‌نی 3 كچ‌و ته‌نها دوو خوشك بوو یان
ده‌یویست هیوایه‌ك بداته خۆی‌و دایكم كه‌فرمێسك هێمای چۆكدادانه‌و ئێمه
به‌خه‌نده ده‌توانین تۆڵه‌ی لوقمان‌و عوسمان‌و ئیسماعیل‌و (هه‌ردووكیان
برای دایكمن) یاسین‌و هه‌ڵه‌بجه‌و كوردستان بكه‌ینه‌وه! ئه‌ویش بۆ خۆی
خاوه‌ن برایه‌كی مه‌رد‌و جوانه مه‌رگ بوو، ئازا‌و چالاك له‌كاری سیاسی‌و
كوردایه‌تیدا. له‌ناوجه‌رگه‌ی سلێمانی‌و به‌ڕۆژی رووناك گولله‌ی نابوو
به(كاكل ئاغا)ی پارێزگاری سلێمانی‌و نه‌شیهێشتبوو ده‌ستگیر بكرێ، به‌ڵام
ئه‌سه‌ف ئه‌و ده‌مانچه‌یه پاشتر له‌ناو جلی كۆرپه‌كه‌یدا له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی
ده‌ستگیركرا‌و له‌سه‌ری له‌سێداره درا. له‌یادمه له‌دوای ڕاپه‌رین
خوشكه‌كانی ئاهیان كردبوو كه له(موسڵ)ه‌وه رووفاته‌كه‌یان هێنایه‌وه
جلی كوردی سوری بۆ ده‌پۆشن‌و ده‌یبه‌ن بۆ سه‌یوان ..... هه‌رواشیان كرد.
ئێمه كه‌هه‌ر سێ ساڵ له‌گه‌ڕه‌كێكمان به‌سه‌ر ده‌برد به‌هۆی كرێچێتی‌و
ترسی باوكیشم له‌په‌یوه‌ندی خێزانه‌كه‌مان به‌شۆڕشه‌وه، له‌به‌رئه‌وه
هه‌میشه هه‌وڵمانده‌دا ئاسایشترین گه‌ڕه‌كه‌كانی شار هه‌ڵبژێرین
كه‌كه‌مترین چاوی له‌سه‌ربێت.
شه‌هیدانی كارێزه‌وشك یه‌كێك بوو له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی بۆ بێوه‌ژه‌نه‌كانی
شه‌ره‌كانی قادسیه دروستكرابوو، خانویه‌كمان به(50)دیناری ئه‌و كاته
به‌كرێ گرت. ته‌نها سێ پیاوی تر كه‌وانیش كرێچی بوون، جگه له‌باوكم،
له‌گه‌ڕه‌كه‌كه‌دا هه‌بوو، ماڵه‌كانی تر سه‌رجه‌م بێ پیاوبوون.
ئێمه‌ش كه‌هه‌رسێكمان (من‌و نیان‌و شیلان)ی خوشكم خوێندكار بووین، من‌و
نیان له 2و 3ی سه‌ره‌تایی له‌خوێندنگه‌ی دابان‌و شیلانیش له(1)ی
ناوه‌ندی له‌ناوه‌ندی هه‌واری كچان ده‌مانخوێند، رۆژانه ده‌بوو 4 پاس
به‌هاتن‌و رۆشتن بكه‌ین تابگه‌ینه خوێندنگه‌كانمان. له‌یادمه هه‌ر
ئه‌وكاته باوكم وه‌ك برایه‌ك بۆ براكه‌م‌و خوشكه‌كانم ده‌یبینیم، چونكه
له‌یه‌كێك له‌پاسه‌كاندا له‌دوا كوشنی پۆڵه‌نییه‌ك دانیشتبووین،
هه‌رزه‌یه‌كی ناشارستانی له‌پشت من‌و نیانی خوشكمه‌وه ده‌ستی بۆ خوشكه
گه‌وره‌كه‌م درێژكردبوو (چرنوكێكی لێ گرتبوو) ئه‌ویش له‌شوێنی خۆی
به‌رزبۆوه‌و قیژاندی، منیش هه‌ر ئه‌و ده‌مه كه‌وتمه سه‌روگوێلاكی
گه‌نجه‌كه‌و هه‌تا توانیم تێر جنێوم كرد‌و تێمهه‌ڵدا. گه‌نجه‌كه
له‌ته‌ریقیدا له‌پاسه‌كه دابه‌زی‌و ئه‌وجا پیاوه‌كانی ناوپاسه‌كه زۆر
ده‌ستخۆشیان لێكردم.
له‌وده‌مه‌وه كه‌باوكم ئه‌مه‌ی بیست جوتێك پێڵاوی به‌هاره‌ی سه‌وزی
عه‌سكه‌ری (مغاویری) بۆ كڕیم‌و قژیشی بۆ كورت كردمه‌وه‌و هاوینان زۆرجار
له پشووه‌كاندا له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبردم بۆ سه‌ر كار.
لێره‌وه هه‌ستمكرد گرنگیه‌كی تایبه‌تیم پێده‌درێ. شه‌وانیش له‌گه‌ڵ مناڵه
هه‌تیوه‌كاندا ده‌چووینه سه‌ر شه‌ستیه‌كه‌و ده‌كه‌وتینه گۆرانی وتن.
كه‌كاروانی سوپا به‌خۆیان‌و ده‌بابه‌و چه‌ك‌و ناقیله‌كانیان به‌وێدا
ده‌ڕۆیشتن به‌ره‌و (سه‌ربازگه‌ی سارداو)، ئێمه له‌گۆرانی (ئه‌ی زوره‌خان
زوره‌خان هه‌ی بابه‌ن وێران)و (هه‌ی یه‌كێتی یه‌كێتی، یه‌كێتی نیشتمانی
ئه‌وه هاته دنیاوه یه‌كێتی نیشتمانی، به‌سه‌لامه‌تی مام جه‌لال كاك
نه‌وشیروان له‌شانی) ده‌كه‌وتینه پیاهه‌ڵدانی ئه‌فسه‌ره عه‌ره‌به‌كان‌و
په‌نجه‌كانیشمان به‌حه‌وتی بۆ به‌رزده‌كردنه‌وه وه‌ك هێمایه‌ك بۆ
سه‌ركه‌وتن، ئه‌وانیش ده‌كه‌وتنه وتاف كێشان به‌سه‌ر سه‌دام‌و (یوم
النصر)دا‌و وایانده‌زانی (ها خودی ها) بۆ ئه‌وان ده‌كه‌ین. ئێسته ده‌زانم
ئه‌گه‌ر جاشێكیان له‌گه‌ڵدا بووایه ره‌نگ بوو ئه‌وسێ چوار پیاوه‌ی
گه‌ڕه‌كه‌كه‌ش له‌سێداره بدرانایه.
*گۆرانی (هه‌ی زوره خان كه له‌یه‌كێك له به‌سته‌كانیدا ده‌ڵێت:
كراسه‌كه‌ت ره‌شه بۆ سوری ناكه‌ی خۆ من پێشمه‌رگه‌م بۆ شوم پێ ناكه‌ی.)
له(كاروخ)ی برای (ئارام)ی چالاكوانی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه
فێربووم كه‌ئه‌وده‌م له‌خوێندنگه‌ی (ئامانج) پێكه‌وه هاوپۆل بووین له
پۆلی 3ی سه‌ره‌تایی.
تێبینی/ ئه‌م بابه‌ته
له‌ژماره 389 ی رۆژی 7-8-2010
ی هه‌فته‌نامه‌ی (هه‌واڵ)يشدا دابه‌زیوه.
ده‌شتوانیت
له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ئیمه‌یڵه‌وه راو سه‌رنجی خۆت به‌ئازادی به‌نوسه‌ری
بابه‌ته‌كه بگه‌یه‌نیت:
vian_majid@yahoo.com |