|
جەستەی ژن... بیانوویەک بۆ
چەوساندنەوەی
فەریبا محەمەدی
20-12-2011
ماوەیەک لەمەوبەر وێنەی رووتی کچێکی میسری بە ناوی عولیا ماجدە بڵاو بووەوە
کە بووە هۆی جێگای سەرنجی هەموو میدیا و راگەیاندن و بە کارهێنەرانی
ئینترنێت. عولیا هەروەک خۆی لە چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن
وتوویە: ئەو وێنەیە پێناسەیەکە لە وجوودی من و جەستەی مرۆڤ باشترین وێنای
هونەرییە. ئەو وەک کچێک کە باوەڕی بە هیچ نەریت و کلتوورێکی کۆمەڵگاکەی
خۆی نییە و لە چوارچێوەیەکی ئازاد و بەرفراوانتر ئەڕوانێتە مەسەلەی ئازادی
و ژن، بڕیاری داوە تا بەم شێوەیە دژی هەموو ئەو کەسانە بوەستێتەوە کە
جەستەی ژن دەکەنە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەو سووکایەتی پێکردن. بۆ تێگەیشتنی
باشتر لەم بابەتە پێویستە ئاوڕێک لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، کلتووری و
تەنانەت ئایینی وڵاتی میسر بدەینەوە کە پیاوسالاری وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی
بۆ هەموو ئەمانە کەڵکی لێوەردەگیرێت و کلتووری دواکەتووانەو دەمارگرژی
ئایینی رەگ و ریشەی کوتاوەتە نێو کۆمەڵگە و هەموو قوژبنێکی داگیر کردووە و
هیچ دەرفەتێکی ئازاد بە تایبەت بۆ ژنان نییە. تەنانەت دوای رووخانی دەوڵەتی
حوسنی موبارەک، ئەم وڵاتە هیچ هەنگاوێکی بەرەو دیموکراتیزە بوون هەڵنەگرت و
ژنان وەک چینی بەشخوراوی کۆمەڵگە لە پەراوێزی هەموو پرسە سیاسی و
کۆمەڵایەتیەکانن. ژن هێشتاکە لەم وڵاتە وەک کەرەسەیەک بۆ پێداویستییە
سێکسییەکانی پیاو چاوی لێدەکرێت و ئیسلام و شەرعییەتی ئیسلامیش قسەی یەکەم
دەکات بۆ پێناسە کردنی ژن و چەوساندنەوەی. هەروەک عولیا خۆی دەڵێت
میسریەکان لە مەڕ سێکس زۆر نهێنی پارێزن چونکە بە جۆرێک گەورە بوون کە
پێیان وایە سێکس شتێکی خراپ و ناحەزە. لە قوتابخانەکانیش هیچ ئاماژەیەک بە
مەسەلەی سێکس ناکەن و لە روانگەی زۆربەی خەڵکەوە سێکس بۆ کەڵک وەرگرتنی
پیاوان لە ژنانە بە بێ ئەوەی هیچ قسە وباسێک لە نێوانیاندا بکرێت و منداڵیش
بەشێک لەم موعادیلەیە. ئەو دەڵێت سێکس لە روانگەی منەوە جۆرێک دەربڕینی رێز
و خۆشەویستییە و دەبێ هەر دوولا لێی رازی بن. بە وەستانێک لە سەر ئەم
قسانەی عولیا، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو کچێکە بە روانگەیەکی دیکەوە
ئەڕوانێتە پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو و هەموو ئەو نەریتەی کە تابە
ئەمڕۆ لە میسر هەیە دەخاتە لایەک و پێی وایە سێکس لەنێوان دوو کەسدا دەبێ
لە سەر خواست و حەزی هەر دوو لا بێت، جا ئەو دوو کەسە هاوسەری یەک بن یان
نا. ئەم بۆچوونەیە کە چیتر نایهەوێت لە روانگەیەکی کۆن و تەقلیدی پەیوەندیی
نێوان ژن و پیاو دیاری بکرێت کە هەر پەیوەندی و خۆشەویستییەک لە دەرەوەی
بازنەی هاوسەرگیری بە هەڵە و کارێکی بڤە دەزانرێت و هێڵی سووری بۆ دیاری
کراوە، بەڵکوو ئەیهەوێت لە روانگەیەکی مرۆییەوە هەموو پەیوەندییەکانی
نێوان ژن و پیاو دەست نیشان بکرێت و ئەوە خۆیان بڕیاردەر بن لەسەر هەر جۆرە
پەیوەندییەک. بە داخەوە لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکان هێشتاکە جەستەی ژن
یەخسیری کلتوور و نەریتە و بووە بە بەشێک لە شەرەف و نامووسی پیاوی بنەماڵە
و کۆمەڵگە و ئەوە ئەوانن کە بڕیار دەدەن چۆن بەکاری بهێنێت. لە چوارچێوەی
خێزان زۆرن ئەو ژنانەی کە هەموو رۆژێک دەستدرێژی دەکرێتەسەریان و لەلایەن
نزیکترین کەس، واتە هاوسەرەکانیان سووکایەتی بە جەستە و خواستی سێکسی ئەوان
دەکرێت. جەستەی ژن هەمیشە یەکێک لە مەسەلە جێ کێشەکان بووەو هەزاران ساڵە
کە ژن بەم بیانووە گیانی لە دەست دەدات. کەم نین ئەو ژنانەی لە ژێر ناوی
پاراستنی شەرەف و نامووس کوژراون، یان سووکایەتیان پێکراوەو بەردەوام
جەستەیان لە خزمەت هاوسەر و پیاوانی بنەماڵەدایە کە هەر جۆرێک پێیان خۆشە
بەکاری بێنن. لەم کۆمەڵگایانەدا بەردەوام دەبێ ژن ئاگای لە شەهوەت و مەیلی
سێکسی پیاوان بێت، چونکە شێوەی جل لەبەر کردنو هەڵسوکەوتی ئەوان کاریگەری
دەبێت لە سەر بزواندنی هەستی پیاو. بەڵام لە وڵاتانی رۆژئاوایی
پێشکەوتوودا، ئەمە تا رادەیەکی زۆر چارەسەر کراوەو پیاوی رۆژئاوایی خۆی بە
بنەمای هەموو پەیوەندییە مرۆیی و ئاوەزیەکان دادەنێو، پیاوانی رۆژهەڵاتیش
بە باگراوەند و نائاوەز دێننە ئەژمار. پیاوی ئورووپایی خۆی بە بوونەوەرێک
دەزانێت کە دەتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات، بەڵام پیاوی ئێمە خۆی بە
بوونەوەرێکی بێ کۆنترۆڵ پێناسە دەکات. پیاوی ئێمە بە تەواوی غەریزین و
فڕیان بە سەر پەیوەندییە مرۆییەکانەوە نییە، هەر ئەمە وای کردووە کە بە
ئاسانی دەستدرێژی دەکرێتەسەر ژنان و جەستەی ئەوان دەکەنە بیانوویەک بۆ
ئەوەی حەز و غەریزەکانی خۆیانی پێ تێر بکەن. با لێرەدا نموونەیەک بهێنینەوە
لە سەر ئێران کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەر ئەم مەسەلەیە کە لێرە باسمان
کرد، ئەوەیش دەستدرێژی کۆمەڵێک پیاو بۆ سەر ژنێکەو ئەمە نیشانی دا ژن چەندە
بووەتە ئامرازێک بۆ غەریزە ئاژەڵیەکان. هەر کاتێک پیاو حەزی لێ بێت
دەتوانێت پەیوەندیی جینسی لە گەڵ ژن هەبێت بەڵام ئەمە بۆ ژن بڤەیە.
هەر بۆیە عولیا ماجدە بە رووت کردنەوەی خۆی ئەیهەوێت جەستەی خۆی واتە ئەو
بڤەیە یان ئەو هێڵە سوورە ببەزێنێت و بڵێت کە چیتر ناتوانن بازرگانی بە
جەستەی ژنەوەبکەن، یان یەخسیری خۆیانی بکەن، بەڵکوو ئەوە ژنە بڕیار دەدات
لە سەر جەستەی خۆی نەک پیاو. هەر ئەمە وایکرد کە لە لایەن پیاوانی
دەمارگرژی میسریەوە هەڕەشەی کوشتنی لێبکرێت تا بە قەوڵی ئەوان ئەم پەڵە
رەشە لە نێو چاوانی خۆیان بسڕنەوە. بەڵام ئایا بە سڕینەوەی جەستەی عولیا
دەتوانن ئەو روانگەیە کە ئەمڕۆ لە نێو ژناندا سەری هەڵداوە بسڕنەوە؟
روانگەیەک کە چیتر کۆیلەتی و یەخسیر بوونی جەستەی ژن قەبووڵ ناکات و خۆی بە
خاوەنی جەستە و هزری خۆی دەزانێت و هەوڵ دەدات تا ئەمە ببێتە بەشێک لە
کلتووری کۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەکانیش تا چیتر ژن لە بەر جەستەی نەکەوێتە بەر
توندوتیژیی، دەستدرێژیی، سووکایەتیی، یان مردن. |