سه‌نته‌ری نیشتمانی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر

National Center For Gender Research

لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌كی                                                                          ده‌رباره‌ی سه‌نته‌ر                                                                   په‌یوه‌ندی

 

هاتنی‌ هێزه‌كانی‌ توركیا بۆ ناو خاكی‌ كوردستان

ن- نيشتمان عوسمان  31-10-2007

ئه‌وه‌ی‌ بۆته‌ جێگه‌ی‌ باسی‌ خه‌ڵكی‌‌و لایه‌نه‌ سیاسی‌و به‌رپرسه‌كانی‌ وڵات هاتنی‌ هێزه‌كانی‌ توركیا به‌ره‌و كوردستان‌و به‌زاندنی‌ سنوری‌ كوردستانه‌ كه‌ به‌هه‌ر بیانویه‌ك بێت ده‌یانه‌وێت بێنه‌ ناو كوردستان‌و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری سلبی لای‌ خه‌ڵكی‌‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان دروست كردووه‌، چونكه‌ له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ وڵاتانی‌ بێگانه‌ به‌شێواز‌و بیانووی‌ جۆراو جۆر سنوری‌ كوردستان‌و عیراقیان به‌زاندوه‌و بونه‌ته‌ مایه‌ی‌ ترس‌و دڵه‌ راوكێ‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چه‌ند هاوڵاتییه‌كمان دواند به‌م پرسیاره‌:
ئایا هاتنی‌ هێزه‌كانی‌ توركیا چۆن ده‌بینیت بۆ ناو خاكی‌ كوردستان؟ ئایا مه‌رام چییه‌ له‌به‌زاندنی‌ سنوری‌ كوردستان؟

حه‌مه‌ ره‌زا: مه‌ترسی له‌هاتنی‌ هێزه‌كانی‌ توركیادا هه‌یه‌.
كاروان خالید: ده‌بێت باگراوندێكی‌ سیاسی‌و ململانێیه‌ك هه‌بێت له‌هاتنی‌ ئه‌م هێزانه‌.
خه‌رمان جه‌لال: تائێستا هیچ لایه‌نێك هاتنی‌ هێزه‌كانی‌ روون نه‌كردۆته‌وه‌.
هه‌ڵاڵه‌ له‌تیف: هاتنی‌ ئه‌م هێزانه‌ زۆربه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ بیر بردینه‌وه‌.

حه‌مه‌ ره‌زا: له‌و رۆژه‌‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ هه‌یه‌ خه‌ڵكی‌ به‌زۆر شێوه‌ بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌روانێت كه‌ ئاخۆ چ شتێك له‌پشت هاتنی‌ ئه‌م هێزانه‌ هه‌بێت ئایا وڵاتانی‌ دراوسێ‌ نایه‌نه‌وێت‌و پێیان ره‌وا نیه‌ كه‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌كه‌ش‌و هه‌وایه‌كی‌ له‌باردا ده‌ژی یان ئاخۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ تره‌ كه‌ئه‌ویش په‌كه‌كه‌یه‌ تائێستا روون نیه‌، به‌ڵام مه‌ترسی له‌هاتنی‌ هیًزه‌كانی‌ توركیا دا هه‌یه‌.

كاروان خالید: به‌درێژای‌ مێژوو له‌شه‌ره‌كانی‌ مێژووی‌ كوردیشدا به‌رده‌وام بینراوه‌ هه‌ركات زانیبتیان كورد له‌پله‌یه‌كی‌ باڵای‌ كه‌شی‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابوریدایه‌ كه‌وا زه‌بری‌ خۆیان وه‌شاندووه‌ به‌هه‌ر هۆكارێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ كورد له‌وه‌ زیاتر سه‌ر نه‌كه‌وێت. وڵاتانی‌ دراوسێش كه‌توركیا‌و سوریا‌و ئێرانه‌ به‌رده‌وام له‌ململانێی‌ سیاسیدان له‌گه‌ڵ‌ عێراق‌و به‌تایبه‌تی‌ كورد، ئێستا له‌م كاته‌دا كه‌سوریا پاڵپشتی‌ له‌توركیا ده‌كات مه‌ترسیه‌كه‌ زیاتربێت‌و باگراوندێكی‌ سیاسی‌و ململانێیه‌ك هه‌بێت له‌هاتنی‌ ئه‌م هێزانه‌.

خه‌رمان جه‌لال: ده‌توانین بڵێین كه‌بریارێكی‌ به‌په‌له‌ی‌ له‌م شێوه‌یه‌و به‌زاندنی‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ خۆی‌ ده‌كرێت هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا هیچ لایه‌نێك هاتنی‌ ئه‌م هێزانه‌ی‌ روون نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ئایا مه‌به‌ست ته‌نها په‌كه‌كه‌یه‌ یان به‌زاندنی‌ سنووری‌ هه‌رێمێكه‌ كه‌چه‌ند ساڵ‌ له‌ململانێی سیاسیدا بووه‌ تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌م ئاسته‌ی‌ ئه‌مڕۆ، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی كورد چ كاردانه‌وه‌یه‌كیان هه‌بێت یان ده‌بێت ره‌چاوی‌ ئه‌و كوردانه‌ بكرێت كه‌ له‌وڵاتی‌ توركیادا ده‌ژین‌و مافی سیاسیی‌‌و مه‌ده‌نییان لێنه‌سه‌ندرێته‌وه‌، ئه‌مانه‌‌و چه‌ندان شتی‌ تر له‌لای‌ خه‌ڵك دروست بووه‌.

هه‌ڵاڵه‌ له‌تیف: له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌دوای‌ راپه‌رین‌و له‌گه‌ڵ‌ ئازاد كردنی‌ عێرقیشدا هه‌رێمی‌ كوردستان ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام‌و كه‌ش‌و هه‌وایه‌كی‌ له‌باری‌ هه‌بوو له‌رووی‌ سیاسییه‌وه‌، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین كه‌كێشه‌ی‌ ئابووری‌‌و لایه‌نه‌ ناوخۆییه‌كان هه‌ر به‌رده‌وام بووه‌و كێشه‌ی‌ هاوڵاتیان‌و بازار‌و له‌ئازاد كردنی‌ عێراقیشه‌وه‌ كێشه‌ی‌ تیرۆر‌و ته‌قینه‌وه‌‌و چه‌ندان شتی‌ تر هه‌ر هه‌بووه‌ به‌ڵام هاتنی‌ ئه‌م هێزانه‌ زۆربه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ بیر بردینه‌وه‌ كه‌كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نا ئاسایی دروست كردووه‌.